هه‌ندێ به‌رهه‌می هونه‌ری و تابلۆ هه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تی بۆ مه‌سره‌ف کردنیش نه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ن به بێ گرفت و موشکیله‌یه‌کی ئه‌وتۆ چێژیان لێ ببه‌یت و (به زمانی باو) له‌گه‌ڵیاندا سه‌فا بکه‌ی، به‌ڵام گه‌ر به‌و نییه‌ته‌وه سه‌ردانی پێشانگا، یان سه‌یری تابلۆکانی «باسم ڕه‌سام» بکه‌ی ناهومێد ده‌بی. دیاره کۆمه‌ڵه تابلۆیه‌کی دیکه‌ش هه‌ن خۆیان سانا به ده‌سته‌وه ناده‌ن و بۆ هه‌ڵواسین و سه‌یرکردنی به‌رده‌وام نابن، له‌و شێعرانه ده‌چن که نابێ له‌به‌ر و حیفز بکرێن وه‌ک «فووگی مه‌رگ»ی «پۆل سێلان» و «لووره»ی «گینزبێرگ»، یان وه‌ک تابلۆکانی «فرانسیس بیکۆن» و فیلمی «سال‌و»ی پازۆلینی. به‌شێکی تابلۆکانی باسم (گه‌رچی که‌م) له‌م جۆره‌ن، ده‌بێ به شیدده‌ت هه‌وڵ بده‌ی فه‌رامۆشیان بکه‌یت و بیریان لێ نه‌که‌یته‌وه. ئه‌م چه‌شنه به‌رهه‌مانه له یه‌که‌م به‌ر یهککهوتنیشدا کاریگه‌ریی خۆیان داده‌نێن، هه‌ر هێنده‌یه بگه‌نه ئه‌و شوێنه‌ی که نابێ بگه‌ن ئیدی به‌شێکت داگیر ده‌که‌ن، وه‌ک هه‌ندێ دێڕ که ده‌که‌وێته مێشکته‌وه و هه‌ر ده‌یڵێیته‌وه و هه‌رچی ده‌که‌ی ناتوانی له‌بیری بکه‌ی، ئه‌وکاته‌ش وا ده‌زانی فه‌رامۆشت کردووه کاریگه‌ریی خۆی داناوه و ته‌واو، که‌واته ئاسووده‌تری گه‌ر له‌به‌ر خۆشته‌وه زهمزهمهیان نه‌که‌ی. ئه‌مانه شتێک ده‌ڕووشێنن، برینداری ده‌که‌ن و ده‌یڕووخێنن. ئه‌و به‌رهه‌مانه به وته‌ی «ژاک لاکان» سه‌مپتۆم و به‌رهه‌می ترۆمان و خۆیشیان خاڵی داکوتانی ئه‌و ترۆمایهن، بۆیه هه‌ندێکیان لۆژیکی ترۆماش بۆ وه‌رگر و بینه‌ری چالاک درێژه ده‌ده‌ن. به‌رهه‌می هونه‌ریی دیکه‌ش هه‌ن که له‌سه‌ر سنووردا ده‌مێننه‌وه که ئه‌مانه به توندی له خۆیاندا پرابلماتیکن و وه‌رگر نازانێ چی‌یان لێ بکات، فه‌رامۆشیان بکات یان مه‌سره‌فیان بکات و چێژیان لێ ببات؟ به‌شێکی دیکه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی باسم (زۆربه‌ی تابلۆکانی) لێره‌دان و مه‌یلیان به‌ره‌و مانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م سنووره هه‌یه.
ماهمونیر ڕه‌حیمی که وتوێژێکی سه‌رنجراکێشی له‌گه‌ڵ باسمدا کردووه، بیره‌وه‌رییه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌ڵێ ئه‌وکاته‌ی باسم له گۆڤاری «کیان»دا گرافیست بوو، سروش، بیرمه‌ند و ڕووناک‌بیری ناسروای ئایینی، جارێکیان به باسمی گوت من له به‌رهه‌مه‌کانی تۆ سه‌ر ده‌ر نایه‌نم، باسمیش گوتی ئاساییه منیش له قسه‌کانی تۆ سه‌ر دهرنایهنم. له وته‌که‌ی سرووشدا جۆره ئێعترافێک هه‌یه و له وه‌ڵامه‌که‌ی باسمدا جۆره ڕهندییهک، ئه‌و ئعێترافه ده‌توانێ له زمانی زۆربه‌مانه‌وه بێت، که سه‌ر ده‌رناهێنین له به‌رهه‌مه‌کانی باسم، یاخۆ به سه‌ختی ئه‌مه سه‌رده‌گرێ. مه‌ودایه‌کی گه‌وره له نێوان نووسین و قسه‌کردن، له‌گه‌ڵ وێنه‌دا هه‌یه، ئه‌و مه‌ودایه کاتێک زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه که بابه‌تی نووسین یان قسه کردنه‌که‌ش له به‌رچاو بگیرێت. بۆ وێنه قسه‌کردن له‌سه‌ر سینه‌ما وه‌ک هونه‌رێکی دیداری که ئاوێتهتره له‌گه‌ڵ زمانی ئاخافتندا، ساکارتره تا تابلۆ و شێوه‌کاری. گه‌رچی دوور و نزیک له مێژه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی باسمدا ئاشنام و له گۆڤاره‌کان و ڕووبه‌رگی کتێبه‌کاندا تهرحهکانیم ده‌بینی و ئیشه‌کانی له گه‌ڵ نووسیندا (کتێب و گۆڤار) تێکه‌ڵ کرابوون به‌ڵام (قسه‌کردن) له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی باسم بۆ من ساناتر بووه تا (نووسین) له‌سه‌ری. هه‌رچه‌ند چ قسه‌کردن و چ نووسین له سه‌ر شێوه‌کاری به زمانی کوردی که زمانی ڕه‌خنه‌ی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و… سه‌خت و دژواره. به‌ده‌ر له‌وه به شێوه‌ی تایبه‌تیتر وه‌ک ئاماژه‌ی پێدرا دژواریی نووسین و قسه‌کردن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار درک کردن به به‌رهه‌می وێنه‌یی باسم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌مه‌کانی له سه‌ر سنووره‌کاندایه؛ دووه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازیی نێوان زمانی نووسین و زمانی دیداری و ویژواڵ و مه‌ودای نێوانیان، وه‌ک چۆن ده‌توانین بڵێین شێوه‌کاری ئه‌و شته ده‌ڵێت که به زمانی نووسین ده‌رنایه‌ت، یان له زمانی نووسیندا جۆرێکی دیکه‌ی لێ ده‌ردێت که هه‌میشه ترس و گومانی لادران و ته‌حریفی هه‌یه.
به‌رهه‌می باسم به ته‌واوه‌تی باسی گرفت و کێشه‌کانی مرۆڤی ئه‌مرۆیی ده‌کات، مرۆڤێک که دنیای مۆدێڕن ده‌یهه‌وێ که‌مترین تایبه‌تمه‌ندیی و شوناسی جوگرافی و زه‌مه‌نی پێوه بهێڵێت و وه‌ک شارۆمه‌ندێکی جیهانی و له زه‌مه‌نی ئێسته‌ی دنیای ئه‌مرۆدا بژیه‌ت، به‌ڵام وه‌ک ده‌زانرێ ئه‌مه له‌م به‌شه له جوگرافیا و مێژووی ئه‌م وڵاتانه‌دا به سانایی و به بێ ڕه‌نج سه‌ری نه‌گرتووه.
ئیمزا له شێوه‌کاریدا شوێنێکی تێکده‌ری هه‌یه، نه‌ک هه‌ر له باری تۆپۆگرافییه‌وه، به‌ڵکوو له سۆنگه‌ی پێگه‌شه‌وه، ئایا ئیمزای شێوه‌کار که له تابلۆکانیدا دوو پات ده‌بێته‌وه، به‌شێکه له تابلۆ، یان نا؟ ئایا ئیمزای شێوه‌کار له ناو تابلۆدایه؟ که هه‌یه، یان نییه؟ ئه‌م حاڵه‌ته له ئیمزای تابلۆدا که هه‌م له ناو تابلۆدایه و هه‌م به‌شێکه له تابلۆ و هه‌م نییه، دیالێکتیکی نێوان ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی تابلۆ تووشی قه‌یران ده‌کات. لێره‌وه زۆر جار به پێچه‌وانه‌ی دیکه‌ی هونه‌ره‌کان ئیمزای شێوه‌کار، که شتێکی وردتر له ستایله، گرنگیی هه‌یه، ئیمزا و دۆخی قه‌یراناویی ئیمزا، که به‌شێکه له تابلۆ و تابلۆش نییه، تا ڕاده‌یه‌ک بۆمان ده‌رده‌خا که بۆچی ستایل له شێوه‌کاریدا، له چاو ژانره‌کان و میدیۆمهکانی دیکه‌ی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی گرنگیی زیاتری پێ ده‌درێت. ئه‌گه‌ر پێمانوابێ هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار ده‌بێ خاوه‌نی ستایل، یان شێوازی تایبه‌ت و ئیمزای خۆی بێت، به‌رهه‌مه‌کانی باسم ڕه‌سام هه‌ڵگری وه‌ها خسڵهتێکن، واته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که باسم له درێژه‌ی کاری هونه‌ریی خۆیدا (ئه‌وه‌نده‌ی من له دوور و نزیکه‌وه بینیبێتم) گۆڕانی به‌رده‌وامی بووه، به‌ڵام له هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانیدا، کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی داناوه که به‌رهه‌می ئه‌وی له که‌سانی دیکه جودا و له ژێر ناوی باسمدا کۆیانی کردووه‌وته‌وه، یه‌کێک له به‌دواهاته‌کانی بڕوابوون به ئیمزا، ئه‌وه‌یه که ده‌بێ بڕوامان به تێروانین و ڕوانگه‌ی تایبه‌تیش ببێت، هه‌رئه‌مه پێوه‌ندیمان ده‌داته‌وه به دوو ئه‌زموونه‌وه، ئه‌زموونی ژیا‌و و ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌یی (یان کولتووری و…) دانه‌ر و خاوه‌ن ئیمزا. باسم ڕه‌سام له‌م بواره‌دا سێ کولتووری جیاواز و هاوکات خاوه‌ن خاڵی هاوبه‌شی له‌به‌رده‌ستا بووه که بریتین له کولتووری ئێرانی- فارسی و عه‌ره‌بی- عێراقی و کوردی. باسم کۆکه‌ره‌وه و گرێده‌ری سێ کولتووری جیاوازه که هه‌ر سێی ئه‌م ئه‌زموونانه‌ی به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی له به‌رهه‌مه‌کانیدا تواندووه‌ته‌وه. به‌م ڕوانگه‌یه‌وه تێگه‌یشتن له باسم بریتییه له تێگه‌یشتن له مێژوو، توانا و ده‌سکه‌وت و به‌رهه‌می ئه‌و سێ کولتووره و تێکه‌ڵکران و گرێدانه‌وه‌یان پێکه‌وه. گه‌رچی ئه‌م خاڵه ڕه‌نگه ساده‌ترین ڕێگه بێت بۆ تێگه‌یشتن یا خۆ دابه‌زاندنی به‌رهه‌می باسم، به‌ڵام گرفت له‌وێدایه که به‌رهه‌می باسم، ته‌نها له ئاستی جوگرافیای جیاوازدا نییه که به پراتیک ده‌بێت، به‌ڵکوو به ڕوانینێکی قووڵتر بۆ بهرههمهکهنی له‌وه تێده‌گه‌ین که تابلۆکانی چه‌نده له جوگرافیای جیاوازدا به‌رهه‌مهاتوون، هێنده‌ش له مێژووی جیادا به‌رهه‌م دێن، واته له نێوان زه‌مه‌نه جیاوازه‌کانی جوگرافیا جیاوازه‌کاندا ئیش ده‌کات، بۆیه سانایه له به‌رهه‌می باسمدا تایبه‌تمه‌ندییه ویژواڵ و دیدارییه‌کانی شارستانییه‌ته‌کانی بابێل تا شانامه‌ی فیرده‌وسی و ته‌نانه‌ت تا هه‌ندێ له نه‌قش و نیگار و ڕه‌نگه‌کانی سه‌ر فه‌ڕش و مافوور و ناو که‌ره‌سته‌کانی کوردستان بدۆزرێنه‌وه، که هه‌ر کامیان نه ته‌نها سه‌ر به جوگرافیایهکن به‌ڵکوو سه‌ر به سه‌رده‌مێکی جیاوازی مێژوویین. به‌رهه‌مه‌کانی باسم ته‌نها له لێکدرانی دیالێکتیکی و که‌ڵک وه‌رگرتن له ته‌جره‌به‌ی ژیا‌و له سێ جوگرافیا و کو‌لتووردا ساز نابن، به‌ڵکوو ڕه‌هه‌ندێکی مێژوویی و زه‌مه‌نیشیان پێده‌درێ. به‌ده‌ر له‌مه به‌رهه‌می باسم به ته‌واوه‌تی باسی گرفت و کێشه‌کانی مرۆڤی ئه‌مرۆیی ده‌کات، مرۆڤێک که دنیای مۆدێڕن ده‌یهه‌وێ که‌مترین تایبه‌تمه‌ندیی و شوناسی جوگرافی و زه‌مه‌نی پێوه بهێڵێت و وه‌ک شارۆمه‌ندێکی جیهانی و له زه‌مه‌نی ئێسته‌ی دنیای ئه‌مرۆدا بژیه‌ت، به‌ڵام وه‌ک ده‌زانرێ ئه‌مه له‌م به‌شه له جوگرافیا و مێژووی ئه‌م وڵاتانه‌دا به سانایی و به بێ ڕه‌نج سه‌ری نه‌گرتووه. بۆیه ده‌توانین بڵێین به‌شێکی به‌رهه‌مه‌کانی باسم، باسی ئه‌م لێکدرانه ده‌کات، لێکدرانی دنیای نوێ و کۆن، مرۆڤی ئێره و گرفتارییه‌کانی و کێشه‌کانی بۆ ده‌رباز بوون له جوگرافیای خۆی و مێژووی خۆی و ڕۆیشتن بۆ ناو دنیایه‌کی نوێتر. لێره‌دا ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات حیکایه‌تێکی ساده و ساکاری ڕیالیستی نییه، بۆیه باسم به ته‌واوه‌تی له ڕیالیزم دوور ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌وه‌ش ڕوو ده‌دات نه کۆمیکه و نه ئاسایی، بۆیه به‌رهه‌مه‌کانی زیاتر وه‌ک تازیه‌باری و هه‌ندێجار وه‌ک تراژیدیا دهردهوکهن. ئه‌مه ته‌نها له ئاستی ناوه‌رۆکدا نییه، به‌ڵکوو هاوکات به هێڵه ڕژد و سه‌خته‌کانییه‌وه، وێنای توندوتیژییه‌ک ده‌کات که له مێژه مرۆڤی ئه‌م جوگرافیا و تاریخانهی تووشی جۆرێک له دێفۆرمه بوون کردووه، مرۆڤی بێ ڕوخساری به‌رهه‌مه‌کانی باسم مرۆڤێکی جوگرافیایی نییه به ته‌نێ، به‌ڵکوو مرۆڤێکی مێژووییشه که ئێسته ده‌ژی، بۆیه برین و خوێنێک که لێی ده‌تکێ ده‌لاله‌ت له سه‌ر بابتێکی ئه‌مرۆیی و ئێرایی ناکات، به‌ڵکوو مێژوییه و ده‌توانێ ئه‌و شته‌ی ئاره‌زوو یان کابووسێک بوو که له تاران ڕۆژێک ڕوویدابێ یان ڕوو بدات، سبه‌ی له کوردستان یان ماوه‌یه‌کی دیکه له به‌غدا ڕوو بدات یان نه‌دات.
له به‌رهه‌مه‌کانی باسمدا، ڕوخسار به‌رده‌وام تووشی جۆرێک له میتامۆرفیس ده‌بێت، فه‌زا ڕه‌ش و سپییه‌کان به‌ده‌ر له‌وه‌ی باڵانسیک به تابلۆ ده‌ده‌ن، میژووی نادیار ده‌رده‌خه‌ن، هه‌ربۆیه به‌کگراوندی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی، یان فه‌زایه‌کی به‌تاڵه، (وه‌ک له به‌رهه‌مه گرافیکییهکانیدا ئه‌مه زیاتر هه‌یه) یان زه‌مینه‌یه‌کی ڕه‌نگیی به‌رینی زیاتر سپی یان ڕه‌شه. خودی تابلۆش به‌ده‌ر له‌وه‌ی به‌ستێنێکی تایبه‌تی وه‌ک زه‌مه‌نێکی دیاریکراو و شوێنێکی دیاریکراوی ببێ ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر مه‌وقعیه‌ت ده‌کات، که ده‌توانێ چشت و که‌ل وپه‌له مۆدێرنه‌کان له په‌نای بوونه‌وه‌ر و باڵنده ئوستووره‌ییه‌کان، له‌گه‌ڵ تێکشکانی خه‌ته عه‌ره‌بی و کوفییهکان (که لای باسم وه‌ک شێوه و ده‌رده‌که‌ون و دوور ده‌که‌ونه‌وه له تایپۆگرافیش) به ڕه‌نگ به‌ندییه‌کی ئێرانیی له ناو سه‌ختی و هه‌ندێجار سروشتێکدا که هه‌ندێجار وه‌ک سروشتی کورد ده‌رده‌که‌وێت تێکه‌ڵ بکات. به سانایی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ مێژوو بۆ ئه‌مه‌ش باسم ڕوانگه‌ی ورد بۆ مێژوو هه‌ڵده‌بژێرێ ده‌زانێ که مێژوو ته‌نها ڕووداوه گه‌وره و ناوداره‌کان نین، به‌ڵکوو شته وردهکانیشه، ته‌نها شه‌ڕه گه‌وره‌کان نییه، ده‌زانێ مۆمێک که کوژاوه‌ته‌وه له شه‌وێکدا بۆ عاشق و مه‌عشووقێک مێژووه. ده‌زانێ لێدران و ڕاکردنی دڵدارێک مێژوویه‌کی گرنگه که مێژووی باو فه‌رامۆشی ده‌کات. بۆیه له تابلۆکانی باسمدا مێژووی گه‌وره ئه‌گه‌ر ببێت ته‌نها له ڕێگه‌ی میکرۆ ڕووداوه‌کانه‌وه‌یه ده‌توانین بیناسین.
له به‌رهه‌مه‌کانی باسمدا، ڕوخسار به‌رده‌وام تووشی جۆرێک له میتامۆرفیس ده‌بێت، فه‌زا ڕه‌ش و سپییه‌کان به‌ده‌ر له‌وه‌ی باڵانسیک به تابلۆ ده‌ده‌ن، میژووی نادیار ده‌رده‌خه‌ن، هه‌ربۆیه به‌کگراوندی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی، یان فه‌زایه‌کی به‌تاڵه، (وه‌ک له به‌رهه‌مه گرافیکییهکانیدا ئه‌مه زیاتر هه‌یه) یان زه‌مینه‌یه‌کی ڕه‌نگیی به‌رینی زیاتر سپی یان ڕه‌شه.
وه‌ک تابلۆی به نرخ، دوو تابلۆی ئۆرژیناڵم به دیاری پێ دراوه، یه‌کیان ساڵانێک له‌وه پێش هاوڕێی هونه‌رمه‌ندم «ئه‌کبه‌ر مه‌نسووری»، پێیدام که تا ڕاده‌یه‌ک کۆ کراوه‌ی به‌شێکی زۆر له تایبه‌تمه‌ندیی ئیشه‌کانی و ته‌نانه‌ت قه‌ده‌ری خۆیه‌تی: فیگۆری پیاوێک که پشتی له ئه‌سپه‌که‌ی کردووه و ده‌ڕوا تا له دارستانێکدا ون و بزر ببێت. له‌سه‌ر کاره‌کانی ئه‌کبه‌ر باسم کردووه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و تابلۆیه لێره‌دا جێگه‌ی نییه، به‌ڵام ئه‌م تابلۆیه له‌گه‌ڵ تابلۆی دووه‌مدا (که ئه‌مه‌یان تابلۆ و دیارییه‌کی باسمه) خالێکی هاوبه‌شیان هه‌یه: غیابی نیگا. له‌و تابلۆی باسمدا که سه‌ره‌تا و له یه‌که‌م دیتنهکاندا شتێکی ئه‌وتۆ نابیننرێت، دوو چاو له جه‌سته‌ی ماسی- باڵنده- مرۆڤێکدا سه‌یری لای چه‌پ ده‌کات، یان نیوه به‌ستراوه، به سه‌رنجدانی چه‌ندجاره‌ی هه‌ست ده‌که‌ی که ئه‌م تابلۆ وه‌ک به‌شێکی دیکه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی باسم قسه‌یه‌کی نییه بۆ کردن (که تابلۆ وا باشتره نه‌دوێت و نیشان بدات)، به‌ڵکوو به‌ره به‌ره ئیزتراب و ئێسترێسێک ده‌به‌خشێ که دژواره بتوانی به به‌رده‌وامی سه‌یری بکه‌ی، ئه‌و تابلۆیه له‌وانه‌یه که بۆ سه‌یرکردنی به‌رده‌وام نابن، گه‌ر سه‌یریشی بکه‌ی ده‌بێ ئاماده بیت باجی ئه‌و سه‌یرکردنه بده‌ی، وه‌ک چۆن زۆر جار بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که باشترین کارێک ئه‌کبه‌ر له‌و تابلۆیه‌دا کردوویه کاره‌کته‌ری ناو تابلۆکه‌ی سه‌ری وهرنهگهڕاندووهتهوه، ده‌توانم بڵێم باشترین کاریش که باسم کردوویه و له هه‌ندێ له تابلۆکانیدا ده‌یکات، چاوی فیگۆری تابلۆکان داخراون، یان ڕاسته‌وخۆ سه‌یری بینه‌ر ناکه‌ن، گه‌ر هه‌ندێ جاریش چاوی فیگۆره‌کان که وه‌ک چاوی خودی تابلۆ ده‌رده‌که‌ون نیگایان له‌گه‌ڵ نیگای بینه‌ردا لێک بدرێت، ناکرێ درێژه‌ی بده‌ی، نیگایه‌کی مۆله‌ق، که شه‌رم زیاتر له ترس به بینه‌ر ده‌دات، شه‌رم له چی؟ ته‌نها ئه‌وه‌ی شه‌رم ده‌کات که شتێک یان شوێنێکی داپۆشراوی ده‌رکه‌وتبێت. به نیسبه‌تی تابلۆی باسمهوه شارده‌نه‌وه‌ی ئه‌و نیگایه جۆرێک له شه‌رمی تێدایه، شه‌رم له‌وه‌ی که هه‌یه، بۆیه نایهه‌وێ له ژێر زریقه و بریقه‌کانی ئێسته، کاره‌ساته‌کانی ڕابردوو فه‌رامۆش بکات، نایهه‌وێ ترس و نیگه‌رانییه‌کانی داهاتوو فه‌رامۆش و بڕوا به فریوه‌کانی ئێسته و ڕه‌نگه داهاتووش بکات. هه‌ر ئه‌مه نا ئارامی به تابلۆکانی ده‌دات، سه‌ره‌ڕای ئه‌و زه‌مینه به‌تاڵ و به‌رینه‌ی ناو تابلۆکان، له به‌رهه‌مه‌کانی باسمدا شوێنێک بۆ ئارامی بوونی نییه، به‌شێکی تابلۆکانی وه‌ک ئه‌وه‌ن که ده‌ڵێی ده‌ست براوه‌ته ناو ئارامییه‌که‌ی، شۆفاری، به‌دی، کاره‌سات، و… وه‌کوو شمشێری دامۆکلێس، هه‌رده‌م هه‌ڕه‌شه له چرکه ساتێک ده‌کات که له بهکگراوهندا، یان له پێش زه‌مینه‌دا، وه‌ک ئارامی ده‌رده‌که‌ون.
سه‌رانسه‌ری مێژووی شێوه‌کاری دوو شت ده‌کێشێ ئه‌وه‌ی که ڕووی داوه و یان ڕووی نه‌داوه و تێپه‌ڕیوه و ئه‌وه‌ی که بڕیاره ڕوو بدات یان هه‌رگیز نه‌دات، ئه‌م دابه‌شکارییه ساده و به‌ڵگه نه‌ویسته ده‌توانێ زۆر شتمان له سه‌ر ڕه‌وت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له قوتابخانه‌کانی شێوه‌کاری بۆ ده‌ربخات. به‌ده‌ر له ده‌ربڕین، ته‌کنیک و فۆڕم، ده‌کرێ به‌م شێوه‌یه‌ش جیایان بکه‌ینه‌وه: ئه‌وه‌ی ڕوویداوه یان ڕه‌نگه ڕوو بدات له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕووی نه‌داوه و ڕوو نادات، ئه‌م ڕوو نه‌دانه، هه‌مووجار به مانای نا واقێعی نییه، کێشانی ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگه ڕوو نه‌دات به‌ره‌و داهاتوومان ده‌بات و بازاڕ و فرۆشیاران و کڕیارانی هونه‌ری ئه‌م ڕووکردهیان به‌لاوه گرنگتره و له ژێر ناوی زانستی- خه‌یاڵی و… پۆلێن و مه‌سره‌ف ده‌کرێن، به‌ڵام ڕووکردن به‌ره‌و مێژوو و کێشانی ئه‌وه‌ی که ڕووی نه‌داوه، پرابلماتیکه. ئه‌وکات دوو ڕووکرد ده‌بینین، گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو بۆ وێنا کردنی خاڵ و سه‌رده‌مێکی زێڕین که به‌ره‌و مالیخولیامان ده‌بات. یان وه‌ک بنیامین ده‌ڵێ، گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو له‌به‌ر ڕزگارکردنی به‌شه سه‌رکوتکراوه‌کان و ڕه‌نجه‌کانی ناوی. ئه‌مه ده‌توانێ کێشانی هه‌مان زه‌مه‌نی ڕزگار بوونی له ده‌ست چووبێت، ده‌توانێ هه‌مان فیڕۆدان و دۆڕاندن بێت، ده‌شتوانێ هه‌مان فقدان و lessی فرۆیدی بێت. له تابلۆکانی باسمدا ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که تێمێک و تێکستۆرێکی عاشقانه‌ی هه‌یه، دیسان باسی حه‌سره‌تێک، ناکامییهک، له دهستچوونێک ده‌کات، یان ئاره‌زووی بوونی نه‌بوونێک ده‌بینرێت، هه‌ر لێره‌وه به ناچار دوور ده‌که‌وێته‌وه له ڕیالیزم، بۆیه هیچ کات ئێمه فیگۆری ته‌واومان نییه، هه‌میشه نه‌قسێک هه‌یه له فیگۆرهکاندا، نه‌ک وه‌ک نه‌قسه‌کانی فرانسیس بیکۆن،… ئه‌م نهقسهیه که بۆشاییه‌ک نیشان ده‌دات، و هه‌ر لێره‌شه‌وه مه‌یلێک بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌م ناکامی و بۆشاییه دروست ده‌بێت. مه‌یلێک که ئه‌خلاق ناناسێت بۆیه هاوکات له نێوان بابه‌تی پیرۆز و ئیرۆتیکدا له نێوان ترس و نهترسیدا، له نێوان کۆنه و نوێ‌دا، له نێوان ڕه‌ش و سپی‌دا سنوورێک نامێنێ، تابلۆکانی باسم هاوکات ئاماده‌بوونی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ن، ئاماده‌بوونێک نه‌ک له پاڵ یه‌کدا دانران، به‌ڵکوو به‌رهه‌مهێنی یه‌کدین. له‌م نێوانه‌دا درزی نێوان ئه‌و دووه گرنگه، ئه‌م درزه قه‌ت ئێسته نییه، قه‌ت مانای ئه‌م چرکه‌یه نییه، ته‌نها فۆتۆگرافییه که ئێسته ده‌کێشێ نه‌ک شێوه‌کاری، بۆیه فیگۆره‌کان و ئه‌ندامه‌کان له ئه‌نجامدا بێده‌نگ ده‌دوێن، له ئه‌نجامدا شتێک جێبه‌جێ ده‌که‌ن، شتێک که تێگه‌یشتن لێی سانا نییه.
- نویسنده: ڕه‌زا عه‌لیپوور
- منبع خبر: سرزمین